Heman Hussein Yaseen
04 ئەیلوول 2026•نوێکردنەوە: 04 ئەیلوول 2026
نرخی گۆشتی سوور لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا ئاستەنگەکانی ھاوردەکردنی ئاژەڵی زیندوو و کەمبوونەوەی بەرھەمی ئاژەڵی ناوخۆ، فشارێکی زیاتری لەسەر بازاڕ دروست کردووە. بەڕێوەبەری گۆشتگەی ھاوچەرخی ھەولێر، دەڵێت سەختبوونی ڕێکارەکانی ھاوردە، جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا، کێشەکانی خاڵە گومرکییەکان و نەبوونی دۆلار بە نرخی فەرمی، لەگەڵ وشکەساڵی و گرانی عەلەف، کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر بەرزبوونەوەی نرخەکان ھەیە و ئەگەر چارەسەرێکی خێرا بۆ کێشەی ھاوردە نەکرێت، ئەوا ئەگەری بەرزبوونەوەی زیاتر لە نرخەکانی گۆشتی سوور ھەیە.
بەڕێوەبەری گۆشتگەی ھاوچەرخی ھەولێر ھەڵمەت ھەمزە، لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەرزبوونەوەی نرخی گوشت لە دوای دەستپێکی شەڕی نێوان ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، لە کۆتایی مانگی دوو، وردە وردە ڕووی لە بەرزبوونەوە کردووە. لەبەر ئەوەی ڕێگاکانی ھاوردەکردنی ئاژەڵی زیندوو بۆ ناو شارەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستانیش زۆر سەختتر بووە بە بەراورد بە پێشووتر، بەڵام کۆمەڵێک ھۆکاری تری لاوەکیش ھەن کە بە ڕاستی بوونەتە ھۆی بەرزکردنەوەی ئەو نرخانە".
ھەڵمەت ھەمزە گوتیشی : "ئێمە بۆ دابینکردنی گوشتی سوور پێویستمان بە ئاژەڵی ھاوردەکراوە، لەبەر ئەوەی بەشێکی پێویست ئاژەڵی خۆماڵی لە ساڵانی ڕابردوو، وردە وردە ڕووی لە کەمبوونەوە کرد بە ھۆکاری وشکەساڵی و گرانی عەلەف و کۆمەڵێک ھۆکاری تر، واتا خەڵک دوور کەوتەوە لە بەخێوکردنی ئاژەڵ، بۆیە پشت بە ئاژەڵی ھاوردە بەسترا، عێراقیش وەکو وڵاتێک چەندین دەروازەی سنووریی ھەیە بۆ ھاوردەکردن کە بەشێکیان پەیوەستن بە وڵاتانی دراوسێوە، لە دوورەدەست ئاژەڵ ھاوردە دەکرێت. بۆیە وردە وردە لەگەڵ جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی وەکو سیستەمی ئەسیکۆدا و گۆڕانکاری لە چەند خاڵێکی گومرکیی لە خاڵە سنوورییەکان، بووەتە ھۆی بەرزکردنەوەی ئەو ڕێژەیەی کە ئێستا ھەیە".
لەبارەی ڕێژەی ھاوردەکردنی ئاژەڵی زیندوو لە خاڵە سنوورییەکانەوە، ھەڵمەت ھەمزە گوتی: "ئەگەر بە دروستی پێت بڵێم، ھاوردەکردن بۆ ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی خاڵە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستانەوە سفڕە، بەشێکی کەم ھەیە کە بە قاچاغ لە ئێرانەوە ھاوردە دەکرێت، ھەروەھا لە خاڵە سنوورییەکانی عێراقیش بە ھۆی زۆریی نۆرەگرتن لە مەرزەکانەوە، ھەروا جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا، ھەروا دەستنەکەوتنی دۆلار بە نرخی فەرمی بانکی ناوەندیی عێراقی، ئەوانەش بە ڕاستی بە ڕێژەیەکی زۆر کەم ھاوردە دەکرێن، چونکە ئاژەڵ وەکو کالای دیکە نییە، مانەوەی لە نۆرەکانی ڕێککارەکاندا قوڕسە بە بەراورد بە کەلوپەلی دیکە. بۆیە لە خواروو و ناوەڕاستی عێراقیش بە ڕێژەیەکی زۆر کەم داخل دەکرێت، بۆیە بە ڕێژەیەکی کەم ئێستا لە لایەن بازرگانانی عەرەب لە بەغدا و لە ناوەڕاستی عێراق ھاوردەی ھەرێمی کوردستان دەکرێت، کە ئەوەش بە ڕێژەیەکی زۆر کەمە کە شایەنی باسکردن نییە. ئەوەندەیە بە ڕاستی، ئەگەر بەو شێوەیە بڕوات، ڕەنگە نرخەکان وردە وردە ڕوو بەرز ببنەوە".
لەبارەی دانانی نرخەکان و بەراورد بە مانگەکانی پێشووتر، بەڕێوەبەری گۆشتگەی ھاوچەرخی ھەولێر ھەڵمەت ھەمزە، دوایین ئەپدەیت لە ٢٧ی تەمووز کراوە، چونکە ئێمە نرخ دادەنێین بۆ ناو شار و بە ھاوکاری لەگەڵ قایمقامیەتی قەزای ناوەند و بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی. ، نرخەکان لە ۱٦ ھەزارەوە تا ۲۲ ھەزار ڕۆیشتووە سەبارەت بە نرخی گۆشتی ڕەشەوڵاخ. ھەروەھا گۆشتی ئاژەڵی بچووکیش، واتە بەرخ و گیسک، لە ۱۸ھەزارەوە تا ٢٥ ھەزار بەرزبووەتەوە، ھیوادارین وا نەبێت، بەڵام ئەگەر چارەسەری خێرای دەروازەکانی ھاوردەکردنی ئاژەڵ نەکرێت، ڕەنگە نرخەکان ھێشتا ڕوو لە بەرزبوونەوە بکەن، لەبەر ئەوەی بەرھەمی خۆماڵیش ڕووی لە کەمبوونەوە کردووە.