Sarmand Hameed
22 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 22 ئادار 2020
بەغدا - AA
وەزارەتی بەرگریی عێراق بڕیاریدا بە پێدانی مۆڵەتی به نۆرە (تەناوب) بە سەربازانی پیاو و مۆڵەتی کراوە بە ئەندامانی سوپا لە ئافرەتان جگە لەوانەی کە لەبواری پزیشکییدا کاردەکەن.
ئەم بڕیارەی وەزارەتی بەرگریی وەک هەنگاوێکە بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19).
وەزارەتەکە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە سەرۆکی ئەرکانی سوپا، فەریقی یەکەم عوسمان غانمی لەسەر بنەمای بڕیارەکانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، بڕیاریداوە بە کارکردن بە سیستمی نۆرە (تەناوب).
لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەش روونکراوەتەوە کە بڕیارەکە سەرجەم یەکەکانی سوپا دەگرێتەوە و بەشێوەی ١٥ رۆژ بە ١٥ رۆژ دەوامەکانیان لەلایەن یەکەکانیانەوە رێکدەخرێت.
ئەوەش هاتووە کە ئەو سەربازانەی لەمۆڵەتدا دەبن، دوای تەواوبوونی ماوەی مۆڵەتەکەیان و پەیوەندییکردنیان بە یەکەکانیانەوە، پێویستە پشکنینی تەندروستییان بۆ بکرێت و دڵنیابن لەوەی هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا نین.
لە راگەیەنراوەکەدا جەخت لەوەکراوەتەوە، پێویستە فەرماندەیی هێزە وشكانییهكان نیوەی ژمارەی سەربازانی لە ئەرکدابن و لهو رێژەیە کەمتر رێگەپێدراو نییە.
ئاماژە بەوەشدراوە، ئەندامانی سوپا لە ئافرەتان مۆڵەتی کراوەیان پێدەدرێت جگە لەوانەی لە بواری تەندروستییدا کاردەکەن.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، ژمارەی ئەو کەسانەی تا ئێستا لەو وڵاتەدا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) بوون، گەیشتووەتە ٢٠٨ کەس و لەو ژمارەیە ١٧یان گیانیان لەدەستداوە.