Zana Natık Kerem
26 تەمووز 2026•نوێکردنەوە: 26 تەمووز 2026
دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق ڕایگەیاند کە دەروازەی عەبدەلی دووبارە کراوەتەوە.
دەستەکە لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە دووبارە دەروازەی سنووریی عەبدەلی کراوەتەوە و کارکردن لە دەروازەی سەفوان لە پارێزگای بەسڕە ئاسایی بووەتەوە.
ھاوکات سەرچاوەیەک بە ئاژانسی ھەواڵی فەرمیی عێراق "INA" ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ یەکشەممە، دووبارە دەروازەی عەبدەلی لەلایەن کوێتەوە کراوەتەوە دوای ئەوەی ٢٣ی ئەم مانگە بەهۆی بۆردوومانکردنەوە لەلایەن کوێتەوە داخرابوو.
ھەر لەوبارەیەوە جێگری یەکەمی سەرۆکوەزیران و وەزیری ناوخۆی کوێت، فەھد یوسف جەختی لەوە کردەوە کە پەیوەندییەکی برایانە لەنێوان کوێت و عێراقدا ھەیە و ڕێگاش نادان دووبەرەکیی لەنێوان ھەردوو وڵاتدا دروست بێت و ڕایگەیاند: "لەگەڵ عێراق پێکەوە کاردەکەین بۆ ئەوەی ھیچ دەرفەتێک بۆ ئەو کەسانە نەڕەخسێت کە ھەوڵی تێکدانی پەیوەندییەکانمان دەدەن".
فەھد یوسف دوای سەردانەکەی بۆ بەسڕە کە بەمەست لێی، کردنەوەی دەروازەی عەبدەلی بوو، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانییدا گوتی: "ئێمە لەگەڵ عێراق، دوو وڵاتی برا و دراوسێین و ھەرچییەک لە نێوانماندا ڕووبدات کاریگەریی لەسەر پەیوەندییەکانیمان نابێت، چونکە پەیوەندییەکانمان بەھێزن".
ھەروەھا جێگری یەکەمی سەرۆکوەزیران و وەزیری ناوخۆی کوێت جەختی لەوەشکردەوە کە گرنگە جموجۆڵە بازرگانییەکانی نێوان ھەردوو وڵات بەردەوامن و باسی لەوەشکرد کە ھەماھەنگی و کاری ھاوبەش لەنێوان کوێت و عێراق لەپێناو پاراستنی ئاسایشی سنوور و بەھێزکردنی ئاسایش و سەقامگیریی بەردەوامن.
فەھد یوسف ئاماژەی بەوەشدا، ئەو دەستدرێژییەی کە لەلایەن بریکارانی ئێرانەوە کرایە سەر دەروازەی عەبدەلی، نابێتە مایەی تێکدانی پەیوەندییەکانی نێوان کوێت و عێراق و ڕاشیگەیاندووە کە، حکوومەتی عێراق بەردەوام ئەو ھێرشانە ڕەتدەکاتەوە کە دەکرێنە سەر کوێت.
ڕۆژی ٢٣ی ئەم مانگە وەزارەتی بەرگریی کوێت ڕایگەیاندبوو کە دەروازەی "عەبدەلی" سنووری وڵاتەکەیان لەگەڵ عێراق، بە ئاراستەکردنی ژمارەیەک دڕۆن لەلایەن دوژمنەوە بۆردوومانکراوە و بەھۆیەوە دەروازەکەیان داخستووە.