Rawan Subhi Obaiullah
05 تشرینی یەکەم 2026•نوێکردنەوە: 05 تشرینی یەکەم 2026
پارێزگاری دهۆک عەلی تەتەر، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "لەم ڕۆژانەدا هیچ درەختێک لە ناو سنوور و خاکی هەرێمی کوردستاندا نەبڕدراوە، ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەبنەوە و بڕینەوەی دارستانەکان نیشان دەدەن، سەرچاوەکەیان ناو خاکی تورکیایە و هیچ پەیوەندییەکیان بە سنووری هەرێمی کوردستانەوە نییه".
عەلی تەتەر ئاشکرای کرد کە بۆ چەند ڕۆژێک و بە شێوەیەکی زۆر ورد، بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق، بەدواداچوونی تەواویان بۆ پرسی داربڕین لە ناوچە سنوورییەکان کردووە.
پارێزگاری دهۆک عەلی تەتەر گوتی: "سەرجەم بەڵگە پێویستەکان لەبەردەستدان کە سەلمێنەری ئەوەن ئەو دارانە لە ناو قووڵایی خاکی تورکیادا دەبڕدرێن؛ بڕینەوەکە تەنانەت لەسەر هێڵی سنووریش نییە، بەڵکو بە دوورییەکی بەرچاو لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستانەوەیە".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پارێزگاری دهۆک دەستخۆشی و سوپاسی ئاراستەی هەموو ئەو هاووڵاتی و کەسانە کرد کە لەسەر بنەمای خەمخۆرییان بۆ ژینگەی هەرێمی کوردستان نیگەرانییان دەربڕیوە، هاوكات داوای لێ کردن بە وردییەوە سەیری ئەو گرتە ڤیدیۆییانە بكهن و بپشکنن کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو دەکرێنەوە، تاوەکو زانیاریی دروست لەبارەی شوێنی ڕووداوەکان وەربگرن.