Zana Natık Kerem
13 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 14 نیسان 2023
ھەولێر – AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە سەردانەکەیدا بۆ ئیتاڵیا، سەردانی ڤاتیکان-ی کرد و لە میانیدا چاوی بە پاپای کڵێسای کاسۆلیکی و سەرۆکی دەوڵەتی شاری ڤاتیکان، پاپا فرەنسیس کەوت.
لەو بارەیەوە نێچیرڤان بارزانی تویتێکی بڵاوکردەوە و نووسیوویەتی: "خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ چاوم بە پاپا فرەنسیس کەوت و خۆشحاڵم کە بینیم پاپا فرەنسیس لە تەندروستییەکی باشدایە".
راشیگەیاندووە کە لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ پاپای کڵێسای کاسۆلیکی و سەرۆکی دەوڵەتی شاری ڤاتیکان، پاپا فرەنسیس جەختیان کردووەتەوە لەسەر گرنگی پاراستنی ئاشتی و برایەتی لەنێوان کۆمەڵگەکانی عێراقدا.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا نووسیوویەتی "لە دیدارەکەدا، پابەندبوونی خۆمم دووپاتکردەوە بۆ بەردەوامبوون لە برەودان بە ئاشتی و پێکەوەژیان لە کوردستان، عێراق و دەرەوە".
دوێنێ چوارشەممە، نێچیرڤان بارزانی لەسەر بانگھێشتنی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، جۆرجیا میلۆنی گەیشتە ئەو وڵاتە.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە کە نێچیرڤان بارزانی لە میانی سەردانەکەیدا بۆ ئیتاڵیا، برەودان بە پەیوەندییەکان و فراوانکردنی بوارەکانی ھاریکاریی ھاوبەش لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە تاوتوی دەکات.
سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئیتاڵیا دوای ئەوە دێت کە لە مانگی ١٢ی ٢٠٢٢ جۆرجیا میلۆنی سەردانی عێراق و ھەرێمی کوردستانی کرد.
ئیتاڵیا لەچوارچێوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش، ٩٠٠ سەرباز و راوێژکاری لە عێراق و ھەرێمی کوردستان بڵاوکردووەتەوە کە ئەرکیان پێشکەشکردنی راوێژ و مەشق و راھێنانە بە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق و ھێزەکانی پێشمەرگە.