Mohamed Majed
02 ئەیلوول 2026•نوێکردنەوە: 02 ئەیلوول 2026
وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە بە ئامانجگرتنی کەشتی نەوتھەڵگری وڵاتەکەی "سدر" لە گەرووی ھورمز سەرکۆنە کرد و داواشی لە سەرجەم لایەنەکان کرد کە دۆخەکە ھێور بکەنەوە و گرژییەکان بوەستێنن و بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان.
وەزارەتەکە لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە سەرکۆنەی ئەو ھێرشە دەکەن کە لەلایەن ئێرانەوە کراوەتە سەر کەشتی نەوتھەڵگری سعوودیە "سدر" لە گەرووی ھورمز کە بەھۆیەوە ژمارەیەک ئەندامی تیمی ناو کەشتییەکە گیانیان لەدەستداوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، کۆمپانیای نیشتمانیی سعوودیە بۆ گواستنەوەی دەریایی ڕایگەیاند لە ئاکامی ئەو ھێرشەی کە ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو کراوەتە سەر کەشتی نەوتھەڵگری سعوودیە "سدر" لە گەرووی ھورمز، دوو ئەندامی تیمی ناو کەشتییەکە گیانیان لەدەستداوە.
ھەروەھا وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە لە ڕاگەیاندراوەکەدا سەرکۆنەی ئەو ھێرشانەی کردووە کە بەم دواییانە لەلایەن ئێرانەوە کراونەتە سەر ئوردن، بەحرێن و کوێت.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە پێویستە گرژییەکان لە ناوچەکە بوەستێندرێت و ڕێز لە ئاسایشی کەشتیوانی نێودەوڵەتیی بگیرێت، ھەروەھا ئاسایش بۆ وزەی جیھانیی دابین بکرێت.
وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە لە ڕاگەیاندراوەکەدا، داوای لە سەرجەم لایەنەکان کردووە کە دۆخەکە ھێور بکەنەوە و گرژییەکان بوەستێنن و بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان.