Haydar Şahin
04 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 04 تشرینی یەکەم 2022
تاران - AA
خۆپێشاندانەکان کە لە دوای گیانلەدەستدانی مەهسا ئەمینی لە ئێران دەستی پێ کرد لە ١٧مین رۆژدا لە زۆرێک لە شارەکانی ئەو وڵاتە بەردەوامن.
لە تارانی پایتەخت کە رێوشوێنی ئەمنی بەرفراوان گیراوەتەبەر، هاووڵاتییان لە کەنار شەقامەکان بە چەپڵە پشتیوانییان لەو شۆفێرانە کرد کە بە هۆڕنی ئۆتۆمبێلەکانیان کاردانەوەی خۆیان خستە روو.
هەروەها لە ناوچەی تەکریش، شۆفێران بە هۆڕن یاوەری ئەو خۆپیشاندەرانە بوون کە رژابوونە سەر شەقامەکان.
لە كاتێكدا ئەو جەماوەرەی کە لە شەقامی شەریعەت لە تاران گردبووبوونەوە، دروشمیان لە دژی حكوومەت دەگوتەوە، ژنان بە فڕێدانی سەرپۆشەکانیان كاردانەوەی خۆیان نیشان دا.
خۆپیشاندانەکان لە تاران و زۆرێک لە شارەکانی ئەو وڵاتە بەردەوام بوون.
هێزە ئەمنییەکان ناوبەناو بە گازی فرمێسکڕێژ بڵاوەیان بە خۆپیشاندەران کرد کە دروشمیان دژبە حکوومەت دەگوتەوە.
ئەو ناڕەزایەتییانەی کە لە زانکۆکانی زۆرێک لە شارەکانی ئەو وڵاتە بەڕێوەچوون، تا وەکوو کاتژمێرەکانی ئێوارە بەردەوامییان هەبوو.
ئەو خۆپیشاندانانەی دوای گیانلەدەستدانی مەهسا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵ لە ئێران دەستیان پێ کرد، دوای کرانەوەی زانکۆکان لە یەکی تشرینی یەکەم سەرلەنوێ پەرەیان سەندەوە.
خۆپیشاندان لە زانکۆکانی تاران و زۆرێک لە شارەکانی دیکەی ئەو وڵاتە بەڕێوەچوون.
رۆژی یەکشەممە لە زانکۆی تەکنەلۆجیایی شەریف لە تاران، پێکدادان لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان روویدابوو، راگەیەندرابوو کە زۆرێک لە خۆپیشاندەران دەستبەسەرکراون و برینداریش هەیە.
شۆفێران لە شەقامی حەبیبوڵڵا کە دەکەوێتە نزیک زانکۆی تەکنەلۆجیایی شەریف بە هۆڕن لێدان پشتگیرییان لە خوێندکاران کرد.