Gülşen Topçu
12 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 12 ئاب 2020
کەرتی غەززە - AA
فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، هێرشی ئاسمانییان کردە سەر ژمارەیەک خاڵ لە کەرتی غەززە.
لە راگەیەندراوێکدا کە لە هەژماری سوپای ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە تونێلێک، کۆمەڵگایەکی سەربازیی و ژمارەیەک خاڵی چاودێری بزووتنەوەی حەماس کراونەتە ئامانج.
باس لەوە کرا کە ئەو هێرشانە وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە هەڵدانی بالونی سووتێنەر لە کەرتی غەززەوە بۆسەر ئیسرائیل، ئەنجامدراوە.
گەواهیدەران باسیان لەوە کرد کە هێرش کراوەتە سەر پێنج خاڵ، لەوانەیش سیانیان لە باشووری کەرتی غەززە و دووانیان لە خۆرهەڵاتی شاری رەفەح.
زانیاری بڵاونەکراوەتەوە سەبارەت بوون و نەبوونی زیانی گیانی لە هێرشەکاندا.
لەو هەواڵانەی لە رۆژنامەکانی ئیسرائیلدا بڵاوکراونەتەوە، باس لەوە کراوە کە بەهۆی ئەو بالونە سووتێنەرانەی لە کەرتی غەززەوە هەڵدراون ٦٠ رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە یەکەی نشینگەەکانی جوولەکە، کەوتووەتەوە.
حکوومەتی تەل ئەبیب، بانگەشەی ئەو دەکات کە بەهۆی ئەو بالونانەی بە غازی هیلیۆم و ماددەی سووتێنەر پڕکراون و خۆپیشاندەرانی فەڵەستینی بەرەو یەکەی جوولەکە نشینەکانی دەورووبەری کەرتی غەززە هەڵیانداون، ئاگر لە ناوچەکە کەوتووەتەوە.
سوپای ئیسرائیل کە بێ چارەیە بەرامبەر ئەو بالونە سوتێنەرانەی دەگوترێت لە کەرتی غەززەوە ئاراستە دەکرێن، ناو بە ناو هێرش دەکاتە سەر ناوچەکانی سنوور کە بانگەشەی ئەوە دەکرێت ئەو بالونانەیان تیادا ئامادە بکرێت.