Ata Ufuk Şeker
31 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 31 ئادار 2023
برۆکسل-AA
دەرخستەی نرخی بەکاربەر لە ناوچەی یورۆ لە مانگی ئاداردا مانگانە بە رێژەی لەسەدا ٠،٩ و ساڵانە لەسەدا ٦.٩ زیادیکردووە.
نووسینگەی ئامارەکانی ئەورووپا (Eurostat) داتا پێشەکییەکانی پەیوەندیدار بە هەڵاوسانی ساڵانە بۆ ئاداردا لە ناوچەی یورۆ بڵاوکردەوە.
بەم پێیە هەڵاوسانی ساڵانەی ئابووری لە کاتێکدا لە مانگی شوباتدا لەسەدا ٨،٥ بووە، لە مانگی ئاداردا بووەتە لەسەدا ٦،٩. ئەوە لە کاتێدایە کە پێشبینییەکانی بازاڕەکان ئەوە بوو کە هەڵاوسانی ساڵانەی ناوچەی یورۆ لە مانگی ئاداردا لەسەدا ٧،١ بێت.
لە ناوچەی یورۆدا دەرخستەی نرخی بەکاربەر لە مانگی ئاداردا بەراورد بە مانگی پێشوو بە رێژەی لەسەدا ٠،٩ زیادی کردووە.
کاتێک رەچاوی توخمە سەرەکییەکانی هەڵاوسان لە ئاداردا دەکرێت، دەبیندرێت بەرزترین ئاستی هەڵاوسانی ئابووری لە کەرتی خۆراک، کحول و بەرهەمە توتنییەکاندایە بە رێژەی لەسەدا ١٥،٤. بە دوای ئەویشدا بە رێژەی لەسەدا ٦،٦ بەرهەمە پیشەسازییەکانی دەرەوەی وزە، بە رێژەی لەسەدا پێنج کەرتی خزمەتگوزارییەکان و بە رێژەی لەسەدا ٠،٩یش بەرهەمەکانی وزە لە ریزی دووەم، سێیەم و چوارەمدا دێن.
دەرکەوتووە رێژەی هەڵاوسانی ئابووری لە مانگی ئاداردا لە لاتڤیا لەسەدا ١٧.٣؛ لە ئیستۆنیا لەسەدا ١٥.٦؛ لە لیتوانیا لەسەدا ١٥.٢؛ لە سلۆڤاکیا لەسەدا ١٤.٨؛ لە کرواتیا لەسەدا ١٠،٥؛ لە سلۆڤینیا لەسەدا ١٠.٤؛ لە نەمسا لەسەدا ٩.٢؛ لە ئیتاڵیا لە سەدا ٨.٢؛ لە پورتوگال لەسەدا ٨،٢؛ لە ئەڵمانیا لەسەدا ٧.٨؛ لە ئیرلەندا و ماڵتا لەسەدا حەوت؛ لە فینلاند لەسەدا ٦،٨؛ لە فەڕەنسا لەسەدا ٦،٦؛ لە ئیدارەی قوبرسی روومی لەسەدا شەش؛ لە یۆنان لەسەدا ٥.٤؛ لە بەلجیکا لەسەدا ٤.٩؛ لە هۆڵەندا لەسەدا ٤.٥؛ لە ئیسپانیا لەسەدا ٣،١ و لە لۆکسەمبۆرگ لەسەدا سێ بووە.