Firdevs Yüksel
18 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 18 مای,س 2021
ئیستانبوڵ ــ AA
لەگەڵ کەمکردنەوەی رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بواری ئابوورییدا لە جیھاندا، نرخی خاوی برێنت لە مامەڵەکانی ئەمڕۆ سێشەممەدا، بەرزبوونەوەی تۆمارکرد و ھەر بەرمیلێکی بە ٧٠ دۆلار و ١٢ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
دوای چوار مانگ لە توندکردنی رێکارەکانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە دوێنێ دووشەممەوە دووبارە رەوشی ژیان لە بەریتانیا ئاسایی بوویەوە کە ئەوەیش بواری بۆ خاوەن فرۆشگا و بازرگانانی ئەو وڵاتە خۆشکردووە کە جارێکی دیکە دەست بە چالاکی ئابووریی خۆیان بکەنەوە.
بە ھەمان شێوە لە دوێنێ دووشەممەوە لە تورکیاش لە ژمارەیەک سێکتەری ئابووریی دەست بە شلکردنەوەی رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کراوە، ھەروەھا لە بازاڕەکانی ئەورووپا و ئاسیاشدا، دەست بەشلکردنەوەی رێکارەکان کراوە.
شلکردنەوەی رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بواری ئابوورییدا لە جیھاندا، وای کردووە خاوی برێنت لە بازاڕەکاندا بەرزبوونەوە تۆمار بکات.
لە کاتژمێر ٠٧:١٨دا، یەک بەرمیل خاوی برێنت لە بازاڕەکانی جیھاندا بەڕێژەی ٠،٩٥ لەسەدا بەرزبوونەوەی تۆمارکردووە و ھەر بەرمیلێکی بە ٧٠ دۆلار و ١٢ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
ھاوکات نرخی یەک بەرمیل خاوی رۆژئاوای تێکساس، بەڕێژەی یەک لەسەدا رووی لە بەرزبوونەوە کردووە و گەیشتووەتە ٦٦ دۆلار و ٩٤ سەنت.