Hawkar Yaseen M Amin Mohammed Amin
31 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 01 ئەیلوول 2020
هەولێر AA
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماری 24 کاتژمێری رابردووی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID 19)ی بڵاوکردەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بۆ دووەم رۆژ لەسەر یەک دهۆک بەرزترین ژمارەی تووشبووی نوێی کۆرۆنای تیادا تۆمارکراوە.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە کە لە میانی 24 کاتژمێری رابردوودا، 591 تووشبووی نوێی کۆرۆنا تۆمارکراوە، بەرزترین ژمارەیان لە دهۆک بووە بە 243 تووشبووی نوێ و لە هەولێرە 169 تووشبوو و لە سلێمانی 115 و لە گەرمیان 34 کەس و لە پارێزگای هەڵەبجە-ش 30 تووشبووی نوێ تۆمارکراوە.
وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە کە لە میانی 24 کاتژمێری رابردوودا، 370 تووشبووی کۆرۆنا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا چاکبوونەتەوە، بەرزترین ژمارەیان لە هەولێرە بە 255 کەس و لە سلێمانی 52 کەس و لە گەرمیان 43 و لە هەڵەبجەش 20 تووشبووی کۆرۆرنا چاکبوونەتەوە.
هەروەها لە میانی 24 کاتژمێری رابردوودا، 25 کەسی دیکە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە، 12 کەسیان لە سلێمانی و نۆ کەس لە هەولێر و سێ کەسیان لە دهۆک و کەسێکیش لە دەڤەری راپەڕین.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان تا ئێستا، 28 هەزار و 752 تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تۆمارکراوە، لەو ژمارەیە 18 هەزار و 49 کەسیان چاکبوونەتەوە و نۆ هەزار و 629 کەسیش ماون لەژێر وەرگرتنی چارەسەردان.
هەروەها تا ئێستا هەزار و 74 کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.