Hüseyin Yıldız
29 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 31 ئاب 2022
ئیدر- AA
باخی گشتیی چیای ئاگری لە دامێنی چیاکەدایە و گەورەترین باخی ناو سروشتە لەسەر ئاستی هەموو تورکیا، لەئێستادا ئاووهەوایەکی وشکی هەیە، بەهۆی گەرمای وەرزی هاوینیشەوە بەفری چیاکە دەتوێتەوە و ژیان دەبەخشێتە رووەک و ئاژەڵەکانی ناو باخەکە.
بەهۆی بوونی رووبەرێکی فراوانی سەوزاییەوە، چەندین ئاژەڵی کێوی لە باخی گشتیی چیای ئاگری دەژین، لەئێستاشدا توانەوەی بەفری چیاکە بووەتە سەرچاوەی ژیان لەناو باخەکەدا.
بەڕێوبەری ناوەندی کووش (باڵندە) لە زانکۆی ئیدر، ئێمرا چەلیک لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، باسی لەوە کرد کە ئەو بەفرەی لە لووتکەکانی چیای ئاگری دەتوێتەوە لە دامێنی چیاکەدا کۆدەبێتەوە و دەبێتە سەرچاوەی ژیان بۆ ناوچەکانی دامێنی چیاکە.
- "بەفراوی چیاکە دەبێتە سەرچاوەی ژیان بۆ ئاژەڵەکانی ناوچەکە"
بەڕێوبەری ناوەندی کووش (باڵندە) لە زانکۆی ئیدر، ئێمرا چەلیک ئاماژەی بەوەش کرد کە بەفراوی چیاکە رۆڵێکی گرنگی هەیە لە دابینکردنی ئاو بۆ دانیشتوانی ناوچەکە، ئاژەڵ و کێڵگە کشتوکاڵییەکانیان، گوتیشی: "باڵندە بەشێکی زۆری ئاژەڵە کێوییەکان پێکدێنێت. ئەو بەفراوەی لە لووتکەی چیاکەوە دێت لە گەرمای پڕوکێنەردا دەبێتە فێنککەرەوەی هەناوی ئاژەڵە کێوییەکان".
ئێمرا چەلیک باسی لەوەش کرد کە پارێزگای ئیدر یەکێکە لەو ناوچانەی تورکیا کە کەمترین بارانیان لێدەبارێت و گوتی: "لە دابینکردنی ئاوی ناوچەکانی پارێزگای ئیدردا، بەفری چیای ئاگری، بە درێژایی ساڵ رۆڵێکی زۆر گرنگی هەیە. لە وەرزی زستاندا دەبێتە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ ئەو ناوچانەی بارانیان لێنابارێت و لە وەرزی هاوینیشدا بەفراوی چیاکە دەبێتە سەرچاوەی ژیان بۆ ئاژەڵە کێوییەکانی ناوچەکە".