Zana Natık Kerem
29 ئەیلوول 2026•نوێکردنەوە: 29 ئەیلوول 2026
بەرپرسی ئەمنیی کەتیبەکانی حیزبوڵای عێراق، ئەبو موجاھید عەساف ھۆشداری ئەوەی دا کە لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمەوە، ھەر فڕۆکەیەکی دوژمن ئاسمانیی عێراق ببەزێنێت ئەوا دەیخەنە خوارەوە، ھەروەھا ھەڕەشەی داخستنی دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتانە کرد کە بەشدارن لە گەمارۆدانی گەلی ئێران.
ئەبو موجاھید عەساف، بەرپرسی ئەمنیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق، ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە: "دەرکردنی ھێزەکانی داگیرکار سەرەتایەکە بۆ ھێنانەدی سەروەریی تەواو و سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی و ئابووری عێراقە".
بەرپرسی ئەمنیی کەتیبەکانی حیزبوڵای عێراق ڕاشیگەیاندووە: "حکوومەتی ئێستا بە پلانی سێ ھاوپەیمان پێکھێنراوە، ھەندێکیان بەرنامەی ئاژاوەگێڕی و جەنگییان لەنێوان برایانی ئاینی و نیشتمان داناوە و دەبێت بزانن کە ئێمە دەزانین لە پشت دەرگا داخراوەکان چی ڕوودەدات".
ھەروەھا ئەبو موجاھید عەساف ھۆشداری داوەتە سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی فالح زەیدی و ڕایگەیاندووە: "دەبێت زەیدی ئەوانەی لە پشتیەوەن ئەوە بزانن کە ئەو حکوومەتەی لە بەرژەوەندیی گەل کار نەکات، بە چەندین شێوە ھەوڵ بۆ ڕووخاندنی دەدرێت".
بەرپرسی ئەمنیی کەتیبەکانی حیزبوڵای عێراق ئاماژەی بەوەشداوە، ئەگەر گەمارۆی ئاسمانیی دژبە ئێران لە دوای یەکی تشرینی یەکەم بەردەوام بێت، ئەوا ھەڵوێستێکی ڕوونیان دەبێت کە ئەگەری ھەیە بگاتە ئاستی داخستنی دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە بەشدارن لە گەمارۆی سەر گەلی ئێران.
بەرپرسی ئەمنیی کەتیبەکانی حیزبوڵای عێراق، ئەبو موجاھید عەساف ڕاشیگەیاندووە: "چاودێری ئاسمانیی عێراق دەکەين بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ھیچ فڕۆکەیەکی دوژمن ئاسمانیی عێراق جاری یەکەم ئاگاداری دەکەینەوە و جاری دووەم دەیخەینە خوارەوە، ھەروەھا نابێت لە دوای یەکی تشرینی یەکەمەوە نووسینگەی سەرۆکوەزیران ببێتە کاشێری پێشێلکارییەکانی ئەمریکا".