Heman Hussein Yaseen
02 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 03 تشرینی دووەم 2020
هەولێر - AA
قایمقامی قەزای ناوەندی ھەولێر، نەبەز عەبدولحەمید بە ماڵپەڕی پارێزگای ھەولێری راگەیاندووە، تا ئێستا کە ھەفتەیەکە لە سەنتەری شار، ٣٤١ ھاووڵاتی سزادراون بەھۆی پابەندنەبوونیان بە ماسک بەکارهێنان، ھەروەھا ١٦٦ شوێنیش سزادراون کە پابەندنەبوون بە جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستیەکان.
قایمقامی قەزای ناوەندی ھەولێر ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە ئەو شوێنانەی سزا دەدرێن بەشێکیان بە ملیۆنێک دینار غەرامە دەکرێن، دوای داخستنیان بۆماوەی ١٠ رۆژ و بەشێکیشیان بە ١٥٠ ھەزار دینار غەرامە دەکرێن.
نەبەز عەبدولحەمید باسی لەوەیشکردووە کە لە لەسەدا ١٠ی بڕی سزاکە بۆ ئەو کەسە و مەفرەزەیەیە کە سەرپێچیکارەکە سزا دەدات، ھەروەھا سەدا ١٠یشی بۆ کڕینی دەرمان و کەلوپەلی پزیشکییە، بڕیاری سزادان لەسەر نەبەستنی ماسک کاریگەری زۆری ھەبووە ئێستا بەدەگمەن خەڵک دەبینی لەناو ھەولێر کە ماسک نەبەستێت.
قایمقامی قەزای ناوەندی ھەولێر ئەوەیشی رەتکردووەتەوە کە ھیچ کەسێک لەسەر نەبەستنی ماسک لە بنکەی پۆلیس مابێتەوە و لەمبارەیەوە گوتوویەتی "بەھۆی نەبەستنی ماسک، کەس زیندانی نەکراوە کەسیش زیندانیی ناکرێت".
نەبەز عەبدولحەمید جەختی لەوەشکردووەتەوە کە یەک پاکەت ماسک کە ٥٠ دانەی تێدایە بە دوو ھەزار و ٥٠٠ دینار تا سێ ھەزار دینارە و بەشی دوو مانگی ئەو ھاووڵاتییە دەکات، بەڵام من پرسیارێک ئاراستەی ھاووڵاتیان دەکەم، خوانەخواستە ئەگەر تووشی ئەو ڤایرۆسە ببێت چەند خەرجیت پێویستە؟