Hawkar Yaseen
05 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 06 تەمووز 2021
هەولێر - AA
بەهۆی وشکەساڵی و وشکبوونی بەشێکی زۆری بیرەکانی دابینکردنی ئاو لە هەرێمی کوردستان لە هەندێک ناوچە و شارەکان، گرفتی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتییان دروست بووە و پرۆژە کشتوکاڵییەکانیش کێشەیان هەیە و بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ دەڵێت "گرفتەکە بەهەدەردان و پابەند نەبوونی هاووڵاتییان بە پێوەرەکان دروستی کردووە، نەک کەم بەرهەمهێنانی ئاو".
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ سەربە وەزارەتی شارەوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاری ئەحمەد لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا دەربارەی لێکەوتە نوێکانی وشکەساڵی لەسەر هەرێمی کوردستان رایگەیاند "پێشتر لێکەوتەکانی وشکەساڵی بەشێوەیەکی رێژەیی بوو بەتایبەتی لە دەشتەکان لەسەر کشتوکاڵ کاریگەرییەکەی دەرکەوتبوو، بەڵام ئەوەی ئێستا هەیە لێکەوتەکانی لە رێژەیی و ناوچەییەوە بووەتە گشتگیر و سەرانسەری، بەشێکی زۆری ئەو کانیاوانەی لە ناوچە شاخاوییەکان هەیە وشک بوون چەند بیرێکمان هەیە لە ناوچە شاخاوییەکان ئەوانیش بەرەو وشک بوون چوون یان ئاویان زۆر کەمی کردووە، بۆ چارەسەری ئەم دۆخەش کە رووی تێکردووین وەک بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ داوای ٣١ ملیار دینارمان لە حکوومەت کردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی کێشە و گرفتی وشکەساڵی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان، بەڵام وەک هەنگاوی یەکەم، حکوومەت رەزامەندی لەسەر بڕی دوو ملیار و نیو دینار داوە و ئێستا لە وەزارەتی داراییە بۆ دەرکردنی رێکارەکان و چۆنییەتی خەرجکردنی ئەو پارەیە".
ئاری ئەحمەد گوتیشی: "ئێستا دەستمان کردووە بە پێکهێنانی ئەو لیژنانەی کە بڕیاری لێدراوە لەسەر ئاستی پارێزگاکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی لێکەوتەکانی وشکەساڵی چ لەسەر ئاستی کشتوکاڵ چ لەسەر ئاستی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە، لەگەڵ پارێزگاکان لەسەر خەتین و دەستمان کردووە بە پێکهێنانی ئەو لیژنانە و ئەو پارەیەش کە بۆمان تەرخانکراوە کە دڵنیایین بڕی دیکەشی بەدوادا دێت دەست دەکەین بە خەرجکردنی، بەڵام بابەتی گرنگتر لایەنی دووەمی کێشەکەیە کە هاووڵاتیییە و پێویستە بەخۆیاندا بچنەوە، ئێمە خزمەتگوزارییەکان دابین دەکەین هاووڵاتیش دەبێت هاوکارمان بێت لەوەی زیاد مەسرەفی نەکات لە بەکارهێناندا و ئاو بەفیڕۆ نەدات، چەپڵە بە دەستێک لێنادرێت".
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ دەربارەی ئاو و بڕی بەرهەمهێنانی ئاو لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند "ئەو بڕە ئاوەی کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکان دابین دەکرێت پێشتر ئێمە راماندەگەیاند کە لەنێوان یەک ملیۆن و ٩٠٠ هەزار مەتر سێجا لە رۆژێکدا تا دوو ملیۆن و ١٠٠ هەزار مەترە، بەڵام بەپێی دوایین داتا کە هی چەند رۆژێک بەرلە ئێستایە توانای دابینکردنی ئاو گەیشتووەتە، دوو ملیۆن و ٢٥٠ هەزار مەتر سێجا لە رۆژێکدا لە رێگای پێنج هەزار و ٧٠٠ بیر و ٩١ پرۆژەی ئاو لە ستراتیجییەکان و پرۆژەی گەورە و بچووک، واتا پرۆژەکان بەتەواوی توانای خۆیان ئیش دەکەن، لێرەدا ئەوەی گرنگە جەختی لەسەر بکەینەوە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییە لەلایەن هاووڵاتی چونکە ئێمە بڕی بەرهەمهێنانی ئاومان کەم نەکردووەتەوەم بەڵکو زیادمان کردووە بۆیە دەبێت هاووڵاتییان ئەو ئاوە بەفیڕۆ نەدەن کە هەیە، بۆئەوەی هاووڵاتیش بزانێت چەند بڕی ئاو بەکاردەهێنێت پێویستە پێوەری ئاو ببەستن کە تا ئێستا نزیکی لەسەدا ٦٠ی هاوبەشانی ئاو پێوەریان بەستووە، ئەوەی لە پێوەریش بەلامانەوە گرنگترە بەستانی تەوافەیە بۆ تەنکییەکانیان، چونکە کاتێک تەنکی سەربانەکانیان پڕدەبێت و ئاگایان لێی نابێت بڕێکی زۆری ئاو بەفیڕۆ دەچێت کە ئەمە وادەکات حکوومەت نەتوانێت خزمەتگوزارییەکە دابین بکات".
بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ سەربە وەزارەتی شارەوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاری ئەحمەد هەر لە پەیامەکەیدا بۆ هاووڵاتییان گوتی: "هاووڵاتییان دەبێت واز لەو شێوازە باوە تەقلیدییە بهێنن کە باخچەکانیانی پێ ئاو دەدەن کە سۆندەی دەخەنە سەر بۆ چەند کاتژمێرێک، دەبێت بەڕێگەیەکی دیکە ئاوی باخچە و سەوزاییەکان بدەن کە بەهیچ جۆرێک بەفیڕۆدانی ئاوی تێدا نەبێت، ئەوەی ئێمە داوای دەکەین سەرجەمیان وازهێنانە لە عەشوایی بەکارهێنانی ئاو کە ئەمە وادەکات خزمەتگوزاری دابینکردنی ئاو هەم بۆ ئەو هاووڵاتییە خۆی هەم بۆ خەڵکی دیکەش بەردەوام بێت".
ئاری ئەحمەد هۆکاری کەم ئاوی هاووڵاتییانی خستە سەر خودی هاووڵاتییان خۆیان و رایگەیاند "هەر وڵاتێک ستانداردی خۆی هەیە بۆ دابینکردنی ئاو بۆ هاووڵاتییانی لە ٨٠ لیتری رۆژانە دەست پێ دەکات و لە هەندێک شوێن دەگاتە ٣٠٠ لیتر و لە وڵاتانی دەورووبەرمان و ئێمەش کە لەسەر هەمان پێوەر دەرۆین رۆژانە لە ٢٠٠ تاوەکو ٢٥٠ مەتر ئاو بۆ هاووڵاتییان دابین دەکرێت، ئێمە ئێستا توانای بەرهەمهێنانمان ئەگەر بەراورد بکرێت بە ژمارەی دانیشتوانی هەرێم زۆر زۆر زیاترە بەو پێوەرەی دانراوە، چونکە ئێستا ئەو بڕە ئاوەی دابینی دەکەین کە دەگاتە دوو ملیۆن و ١٠٠ هەزار مەتر سێجا واتە دەگاتە ٣٠٠ تاوەکو ٣٣٠ لیتر بەشێوەیەکی تێکڕا ئەگەر دابەشبکرێت بەسەر هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، بەو پێوەرەی دیاریمان کردووە ئەو بڕە ئاوە بەشی تەواوی پێداویستییەکانی دەکات لە خواردنەوە و چالاکییە مرۆییەکان و خۆفێنککردنەوە و تەنانەت ئاودانی باخچەکانیشیان، بەڵام زیاد سەرفکردن لەو رێژەیە کێشەکە دروست دەکات کە ئێمە دڵنیایین هاووڵاتییەکە بۆخۆی بەکارناهێنێت و بەهەدەری دەدات بە نەشارەزایی".