Heman Hussein Yaseen
02 کانوونی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 03 کانوونی یەکەم 2024
هەولێر - AA
بەهۆی بەشدارییکردنی لە یەکەمین دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان-عێراق، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان پەرلەمانتارێکی حزبەکەی لە ڕیزەکانی حزب دوورخستەوە.
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان کە سێ کورسی پەرلەمانی لە خولی شەشەم بەدەستهێنابوو، بەڵام بڕیاریدا نەچێتە پەرلەمان و حکوومەتەوە.
دوای بڕیارەکەی کۆمەڵی دادگەریی و ئەمڕۆ لە یەکەمین دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمان، یەکێک لە بەربژێرە دەرچووەکانی کۆمەڵ لە بازنەی سلێمانی بەناوی هێرۆ عەتار حەمەڕەشید ئامادەبوو بەهۆیەوە کۆمەڵی دادگەریی لە ڕاگەیاندراوێکدا بەربژێرەکەی لە ڕیزەکانی حزب دوورخستەوە.
لە ڕاگەیاندراوێکدا ئەنجوومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی بڵاویکردووەتەوە کە، ئێمە لە کۆمەڵی دادگەریی و لەبەر تەزویر و دیزاینی دەنگ و کورسی بۆ چەند لایەنێک و بۆ ئەوەی بە بەشداریمان نەبێتە بەشێک لەو پەرلەمانە دیزاینکراوە، بریاری بەشدارینەکردنماندا.
لە بەشێکی ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو کە، هەر کاندیدێکی لیستی کۆمەڵ پابەند نەبێت ئەوا لە ڕیزەکانی کۆمەڵ دەردەکرێت، هەربۆیە ئەمڕۆ بەهۆی بەشداریکردنی هێرۆ عەتار لە کۆبوونەوەی پەرلەمانە دیزاینکراوەکە، بڕیارماندا بە دەرکردنی ناوبراو لە ڕیزەکانی کۆمەڵی داگەریی.