Heman Hussein Yaseen
02 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 03 تەمووز 2023
هەولێر - AA
دوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی عێڕاق لە ٣٠ی ئایاری ئەمساڵ تایبەت بە نادەستووریی و نایاساییبوونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان، تەواوی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان راگیرا و چەند رۆژێک پێش ئێستاش فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان و دواتریش پێکهاتەکان دەستیان لە کاری پەرلەمانیی هەڵگرت.
بەپێی زانیارییەکان، ئەمڕۆ یەکشەممە دەست بە مامەڵەی خانەنشینکردنی ١١١ ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت.
رۆژی نۆی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنێکدا تەمەنی خۆی بۆ ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ درێژکردەوە لە کاتێکدا خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە شەشی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ کۆتایی پێ دەهات، بەڵام دانیشتنەکە ناڕەزایی بەشێکی فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمانی لێکەوتەوە و هەر لەسەرەتاوە پەرلەمانتاران لە فراکسیۆنەکانی کۆمەڵ و یەکگرتوو، ھەروەھا چەند پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی گۆڕان دەستیان لەکارکێشایەوە.
لە ماوەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستاندا، هەشت دانیشتنی پەرلەمانیی بەڕێوەچووە کە تیاییدا پێنج یاسا دەرکراوە و ١١ بڕیاریش پەسەندکراوە کە نۆ لەوانە دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتاران بووە، دوو دانەیان پەیوەندی بە کاراکرانەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و راپرسی لە هەرێمی کوردستان بووە. بەپێی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵیش هەموو ئەو بڕیارە بە هەڵوەشاوە هەژمار دەکرێت.