Heman Hussein Yaseen
16 تەمووز 2026•نوێکردنەوە: 16 تەمووز 2026
لەگەڵ ھاتنی وەرزی ھاوین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، ژیان لە دەرەوە بۆ زۆرێک لە ھاووڵاتیان سەختتر دەبێت. ھەرچەندە ڕێنماییە تەندروستییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ھاووڵاتییان لە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی تیشکی خۆر، خۆیان بپارێزن. بەڵام لە بەرامبەردا ژمارەیەکی زۆر لە کرێکاران ھەڵبژاردەیەکی دیکەیان نییە، جگە لە مانەوەیان لەسەر شەقام و شۆستەکان بۆ دەستکەوتنی کاری ڕۆژانەیان.
ئەو کرێکارانەی لەسەر شەقامەکان دەوەستن، ئاماژە بەوە دەکەن کە نەبوونی شوێنێکی گونجاو بۆ چاوەڕوانیکردنیان، کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر تەندروستی و توانای کاریان ھەیە. بەڵام لەبەر پێویستی و دابینکردنی بژێوی ژیانیان، ناچارن ئەم دۆخە قبوڵ بکەن و ڕۆژانە نزیکەی دە کاتژمێر لەبەر تیشکی ڕاستەوخۆی خۆر بوەستن.
بەشێک لەوانەی بەشێوەیەکی بەردەوام لەسەر شەقامەکان دەمێننەوە، ئەو کرێکارانەن کە ئاوەڕۆی ماڵان پاکدەکەنەوە، لەو شوێنانەی کە لێی ڕادەوەستن، ھیچ جۆرە سێبەرێکی لێ نییە. ھەندێکیان تەنھا پارچە کارتۆنێکی بچووکیان لەبەردەم خۆیان ھەڵواسیووە بۆ ئەوەی خۆیان لە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی تیشکی خۆر بپارێزن، بەڵام ئەو سێبەرە بچووکە ناتوانێت بەرگری لەو گەرما توندە بکات. لەگەڵ ئەوەشدا، ھیوای بەدەستھێنانی کار و دابینکردنی نانێکی ڕۆژانە، وایان لێدەکات لە شوێنی خۆیان بمێننەوە.
جەلال ڕەسوڵ، تەمەنی ٧٠ ساڵە، کە بەگوتەی خۆی نزیکەی بیست ساڵە لەسەر ئەم شەقامە کار دەکات، ئەو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ماوەی بیست ساڵە لێرە کار دەکەم. ڕۆژانە دێم و کارتۆنێکی بچووکم بۆ خۆم کردووەتە سێبەر و لەبەری دادەنیشم. ئەم گەرمایە کاریگەریی زۆری لەسەر تەندروستیم ھەیە و ناتوانین خۆمان لێی بپارێزین. زۆرجار بەھۆی گەرمای زۆرەوە ناتوانین کار بکەین، بەڵام ناچارین چاوەڕوانی پەیداکردنی کار بین، چونکە ھیچ سەرچاوەیەکی دیکەی داهاتمان نیە".
دلشاد جەوھەر، تەمەنی ٥٠ ساڵە، کە نزیکەی ٢٥ ساڵە وەک کرێکار کار دەکات، ئەو لە بنەڕەتدا فەرمانبەرە و بەھۆی خراپی دۆخی داراییەوە، ڕۆژانە لەسەر شەقام چاوەڕوانی پەیداکردنی کارە، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ساڵانە لە وەرزی گەرما و سەرما لەسەر ئەم شەقامەین. ڕۆژانە نزیکەی ١٠ کاتژمێر لەبەردەم ئەم خۆرە دادەنیشین و ھیچ جۆرە خۆپارێزییەکمان نییە. بەشێکی زۆرمان تووشی کێشەی تەندروستی بووین، وەک سەرگێژبوون، بەرزبوونەوەی فشاری خوێن و ماندووبوونی زۆر. بەڵام ئەگەر کار نەکەین ناتوانین بژین، من بۆخۆم فەرمانبەرم، ئەگەر مووچەکەمان لەکاتی خۆیدا ھەبێت، ئەوا ڕەنگە پێویستم بەم کرێکارییە نەبێت، بەڵام بەھۆی نەبوونی مووچەوە، ناچارم بۆ بژێوی خۆم و خێزانەکەم، کرێکاریی بکەم و ڕۆژانە لەگەڵ پلەکانی گەرما شەڕ دەکەین".
دلشاد ئاماژە بەوەش دەکات کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ژمارەیەک لە ھاوکارەکانی بەھۆی گەرماوە تووشی نەخۆشی بوون، لەمبارەیەوە گوتی: "زۆرێک لەوانەی لێرە کاریان دەکرد، تووشی نەخۆشییەکانی فشاری خوێن و لێکەوتەکانی بەرکەوتنی تیشکی خۆر بوون. ساڵی ڕابردووش یەکێک لە ھاوڕێکانمان بەناوی مام عەزیز، دوای ئەوەی بەھۆی بەرکەوتنی تیشکی خۆر تووشی نەخۆشی ببوو، پاشان جەڵتەی دەماغ لێیدا و کۆچی دوایی کرد، ئەوە بۆ ئێمە ھۆشدارییەکە کە گەرما چەندە مەترسیدارە".
ھاوکات یەکێکی دیکە لەو کەسانەی کە کاری پاککردنەوەی ئاوەڕۆی ماڵان دەکات، مستەفا قادر، تەمەنی ٧٢ ساڵە، کە لە پیرترین کرێکارانی ئەم شوێنەیە، لەبارەی کارەکەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ڕۆژانە لە ھەشتی بەیانی تا شەشی ئێوارە لێرەم. ئەم کارە و ئەم گەرمایە تووشی فشار، شەکرە و کێشەی غودەی کردووم. ھەروەھا نەشتەرگەریی بڕبڕەی پشتمم کردووە و پزیشکەکان پێیان گوتووم نابێت بچمە بەر خۆر و نابێت کاری قورس بکەم. بەڵام ئەگەر ڕۆژێک کار نەکەم، ناتوانم بژێو بۆ خێزانەکەم دابین بکەم. بۆیە جگە لە ڕۆژانی ھەینی، ھەموو ڕۆژێک لێرە چاوەڕوانی کارکردنم و کار دەکەم".
ئەم کرێکارانە، لەنێوان گەرمای توند و پەیداکردنی بژێوی ژیانیان، بە ناچاریی بەشێوەیەکی بەردەوام لەبەر تیشکی خۆردا دەمێننەوە، مانەوەی ئەوان لەم شوێنەدا ناچارییە، ناچارییەک کە ھەر ڕۆژێک بە ھیوای دۆزینەوەی کار دەست پێ دەکات و بە ماندووبوون و چاوەڕوانی کۆتایی دێت.