Muhammet Ali Kemal,Rewa Mahmut Hasan
20 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 21 کانوونی دووەم 2017
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو، سەبارەت بە رادەستکردنەوەی سەردەستەی رێکخراوی تیرۆریستیی فەتحوڵڵاچی، فەتحوڵڵا گولەن بە وڵاتەکەی لەلایەن ئەمریکاوە، رایگەیاند: ''چاوەڕێی وەڵامێکی خێرای ئەرێنیی لەئیدارەی ترەمپ دەکەین لەوبارەیەوە''.
مەولود چاوشئۆغڵو کە بەمەبەستی بەشدارییکردن لە رێورەسمی سوێندخواردنی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ، لە واشنتۆنە، پەیوەست بە بابەتەکانی رۆژەڤ بۆ رۆژنامەی واشنتۆن پۆست دوا و وەڵامی پرسیارەکانی دانەوە.
چاوشئۆغڵو باسی لەوەکرد سەبارەت بە ''رادەستکردنەوەی سەردەستەی فەتۆ بە تورکیا و کۆتاییهێنان بە هاریکارییکردنی یەپەگە'' چاوەڕوانییان لەئیدارەی ئەمریکا هەیە و دڵنیایی خۆی دەربڕی لەوەی لەسەردەمی سەرۆکایەتییکردنی ئەمریکا لەلایەن ترەمپەوە، پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەو وڵاتە تا ئاستێکی گرنگ بەرەوپێش دەچن.
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند: ''دڵنیام لەوەی (ترەمپ) باشتر لەنیگەرانییەکانی تورکیا تێدەگات. پێویستە متمانەمان بەیەکتری دووبارە بنیات بنێینەوە. لەنێو تورکیادا نەیاربوونی ئەمریکا روو لەهەڵکشانە. چاوەڕێی ئیدارەی نوێین''.
- بنکەی ئینجیرلیک
مەولود چاوشئۆغڵو هەڵسەنگاندنی بۆ کۆبوونەوەکانی ئاستاناش کرد و هیوای خواست کۆبوونەوەکان ببنە مایەی پتەوترکردنی ئەو ئاگربەستەی لەلایەن رژێمی ئەسەد و گرووپە پشتیوانەکانییەوە پێشێل دەکرێت و لەمانگی شوباتیشدا لەژێر چاودێریی راستەوخۆی نەتەوەیەکگرتووەکاندا لایەنەکان دیدار و کۆبوونەوەکان دەستپێبکەن.
چاوشئۆغڵو رەخنەی لەوەگرت کە سەرەڕای بەکارهێنانی بنکەی ئینجیرلیک لەلایەن ئەمریکاوە بەڵام ئەو وڵاتە پشتیوانیی تورکیا ناکات لەبەرەنگاربوونەوەی داعشدا لەئەلباب و گوتی: ''بنکە ئاسمانییەکەمان بەکاردەهێنن بەڵام پشتیوانیی ئاسمانییمان ناکەن''.
- ''لەگەڵ رووسیادا لەهاریکارییداین دژی تیرۆر''
لەوەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەو هەواڵانەی باس لەوەدەکەن تورکیا لە ناتۆ دوورکەوتووەتەوە و لەرووسیا نزیکبووەتەوە، چاوشئۆغڵو گوتی: ''هاریکارییەکانمان لەگەڵ رووسیادا دژی وڵاتانی ئەندامی پەیمانی ناتۆ نییە بەڵکو بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرە''.
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاشکرایکرد کە لەبەرئەوەی هاوپەیمانن لەگەڵ ئەمریکادا ئەوە بەمانای ئەوە نایەت هەر شتێکی واشنتۆن گوتی یان ویستی، ئەنقەرە رەزامەندی لەسەر دەرببڕێت و گوتی: "هەرکاتێک لەگەڵ وڵاتانی تردا پەیوەندی باش دروست بکەین، پرسیاری ئەوە دەکرێت کە ئایا تورکیا رووی خۆی وەردەگێڕێت؟ لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا وڵاتان هەمووکات بە ئاراستەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان رێڕەو دەگۆڕن. زۆرێکیان بەرژوەندی ئابووریان هەیە لەگەڵ رووسیا سەرەڕای سزا ئابوورییەکانی بەهۆی کێشەکانی ئۆکرایناوە، من هیچ کاتێک لێم پرسیوەن بۆ؟ رووی خۆتان وەرگێراوە؟ ئەمە بێ واتایە. کاتێک پرسەکە دەبێتە رووبەڕوو بوونەوەی تیرۆر چۆن دەتوانم بەوڵاتێک بڵێم نەخێر".
چاوشئۆغڵو رایگەیاند کە زۆرێک لە ئەنجامدەری هێرشە تیرۆریستییەکانی ئەنقەرەو ئیستانبوڵ لەکەمپەکانی یەپەگەوە هاتوون و گوتی "ئەمریکا خۆی کردۆتە گرتەی دەستی یەپەگە، چۆن دەبێت رێکخراوێکی تیرۆریستی فشار بخاتە سەر سیاسەتەکانی وڵاتێکی گەورەی وەک ئەمریکا. ئەمە قبوڵکراوە؟ نەخێر".
چاوشئۆغڵوو ئاماژەی بەوەش دا کە دوای ئەلباب بەرەو رەققا بەڕێدەکەون و ئەگەر لەگەڵ پەیەدە رووبەڕوو بوونەوە ئەوە لەگەڵیان شەڕ دەکەن و هیواشی خواست کە لەگەڵ هاتنی ترەمپدا پرسی رووبەڕوو بوونەوەی داعش وزەیەکی تری بەبەردا بێتەوەو پرسی یەپەگەش چارەسەر بکەن.
لەبەشێکی تری گوتەکانیدا چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوەدا کە لەمانگی ئابی پارەوە هیچ هەواڵێکیان پێنەگەیشتووە دەربارەی رادەست کردنەوەی گولەن لەلایەن وەزارەتی دادی ئەمریکاوەو هیوای خواست کە ئیدارەی ترەمپ بە زوویی وەڵامی ئەو داوایەیان بداتەوە.