Hemn Osman
21 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 22 کانوونی یەکەم 2015
ئەنجوومەنی خوێندنی باڵای توركیا و وەزارەتی توێژینەوەی زانستی و تەكنەلۆجیای ئێران، رێككەوتنێكیان لەبواری هەماهەنگی ئەكادیمی واژۆ كرد.
سەرۆكی ئەنجوومەنی خوێندنی باڵای توركیا پرۆفیسۆر دكتۆر یەكتا ساراچ ، كە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر هەماهەنگی نێوان توركیا و ئێران بەشێوەیەكی گشتگیر، سەردانی تارانی پایتەختی ئێرانی كردووە، پاش ئەوەی لەگەڵ وەزیری توێژینەوەی زانستی و تەكنەلۆجیای ئێران محەمەد فەرهادی، كۆبووەوە بە یاوەری شاندی هەردوولا، رێككەوتنی هەماهەنگی ئەكادیمی واژۆ كرا، كە چەند بوارێك لەخۆ دەگرێت وەك "بەرەوپێشبردنی تواناكانی نێوان زانكۆكانی هەردوو وڵات، گۆڕینەوەی خوێندكار و مامۆستا، زانكۆی هاوبەش، دامەزراندنی تەكنۆپارك و ناوەندی توێژینەوەی هاوبەش".
لە پاڵ ئەوەی رێككەوتنەكە بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی زانكۆكانی توركیا و ئێران لەخۆ دەگرێت، لە هەمان كاتدا هاوسەنگی دیپلۆماسی نێوان هەردوو وڵاتیش دەگرێتەوە.
كۆمیتەیەكی چاودێری كە لە سەرۆكی زانكۆكانی توركیا و ئێران پێكهاتووە، چاودێری هەماهەنگی ئەكادیمی نێوان هەردوو وڵات دەكات.