Dmitri Chirciu
02 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 05 ئەیلوول 2022
مۆسکۆ – AA
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، ئیگۆر کۆناشینکۆڤ رایگەیاند دۆخی ناوچەی وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا لە ئۆکراینا "سەختە".
کۆناشینکۆڤ زانیاریی لەسەر چالاکییە سەربازییەکانی سوپای رووسیای لە جەنگی نێوان وڵاتەکەی لەگەڵ ئۆکراینا بڵاوکردەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا باسی لە دۆخی وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا لە ئۆکراینا کرد و گوتی: "لەلایەن ئیدارەی کیێڤەوە هەوڵی ئیستفزازییەکی گەورە بۆ رێگرتن لە سەردانەکەی تیمی شارەزایانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (UAEA) بۆ وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا ئەنجامدراوە".
ئیگۆر کۆناشینکۆڤ ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم بەیانییە تیمی "تێکدان"ی سەربە هێزە چەکدارەکانی ئۆکراینا کە لە ٦٠ کەس پێکهاتبوون لە نزیک وێستگەکەدا جێگیرکراون و رایگەیاند کاری لە چالاکی خستنی ئەم گرووپە لە تەواوبووندایە.
کۆناشینکۆڤ ئاشکرای کرد کە سوپای ئۆکراینا بەردەوامن لە هێرشەکانیان بۆسەر وێستگەکە و هەوڵ دەدەن رێگریی لە چوونە ژوورەوەی شاندەکەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بۆ نێو وێستگەکە بکەن و گوتی: "دۆخی ئەو ناوچەیەی کە وێستگەکەی لێیە سەختە بەڵام لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە".
- "هێرشەکانی سوپای ئۆکراینا بە ئاراستەی مکۆلاییڤ و کریڤۆریژسکی شکستی هێنا"
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا باسی لەوە کرد کە سوپای ئۆکراینا بەردەوامە لە هێرشکردن بە ئاراستەی مکۆلاییڤ و کریڤۆریژسکی و ئەو هێرشانە شکستی هێناوە و گوتی: "هێزەکانی ئۆکراینا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا ٣١ تانک، ٢٢ ئۆتۆمبێلی شەکەڕی پیادە، ١٨ ئۆتۆمبێلی زریپۆش، هەشت پیکابی هەڵگری چەکی قورس، ١٧ ئۆتۆمبێلی تایبەت و زیاتر لە ٣٥٠ سەربازی لەدەستداوە".
کۆناشینکۆڤ بانگەشەی ئەوەشی کرد کە رێگریان لە هێرشێکی لیوای ١٤ی میکانیکی سەربە سوپای ئۆکراینا بە ئاراستەی خارکیێڤ کردووە و نزیکەی ٥٠ سەربازی لیواکەیان لە چالاکی خستووە.
ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو کە لە ناوچەی دۆنێتسک لە رێگەی مووشەکی زۆر هەستیارەوە توانیویانە زیاتر لە ١٠٠ سەربازی ئۆکراینی و ١٥ پێداویستیی سەربازی لەناوببەن و رایگەیاند لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا چوار ناوەندی فەرماندەیی و نۆ کۆگای تەقەمەنیی سوپای ئۆکراینایان خاپوور کردووە.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، ئیگۆر کۆناشینکۆڤ، زانیاری ئەوەشی بڵاو کردەوە کە هەشت فڕۆکەی بێفڕوکەوانی سوپای ئۆکراینایان خستووەتە خوارەوە و گوتی: "تاکو ئەمڕۆ، ٢٨٠ فڕۆکە، ١٥١ ھێلیکۆپتەر، ھەزار و ٨٥٢ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ٣٧١ سیستەمی مووشەکی بەرگریی ئاسمانیی، چوار ھەزار و ٦٦٣ تانک و زریێۆش، ٨٢٢ راجیمە، سێ ھەزار و ٣٦٣ تۆپھاوێژ و ھاوەن، پێنج ھەزار و ١٩٢ ئۆتۆمبێلی تایبەتی سەربازیی ئۆکراینا لەناوبراون".