Hosni Nedim
08 تشرینی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 09 تشرینی یەکەم 2024
غەززە ــ AA
سوپای ئیسرائیل زنجیرەیەک ھێرشی کردە سەر ژمارەیەک ناوچەی کەرتی غەززە و لە ئاکامدا، ٦٣ فەڵەستینی کوژران.
ئەمەش ھاوکاتە لەگەڵ ئەوەی کە دوێنێ دووشەممە، یەک ساڵ بەسەر ئەو جینۆسایدە تێپەڕبوو کە ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣وە لە کەرتی غەززە ئەنجامی دەدات و لە ئاکامدا تا ئێستا، دەیان ھەزار کەسی مەدەنی کە زۆربەیان منداڵ و ئافرەتن، بوونەتە قوربانی.

سەرچاوەیەکی پزیشکی فەڵەستین بە ئاژانسی ئانادۆڵوی ڕایگەیاند کە خێوەتێکی ئاوارەکان لە کەمپی بوریج ناوەڕاستی کەرتی غەززە، لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیلەوە بۆردومان کراوە و لە ئاکامدا، سێ فەڵەستینی کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.
ھاوکات نەخۆشخانەی عەودە لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە ئاکامی بۆردومانکردنی خانوویەک لە کەمپی بوریج، لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلەوە، دوو فەڵەستینی کوژراون و ١٢ی دیکەش برینداربوون.

ھەروەھا نەخۆشخانەی عەودە لە ڕاگەیاندراوێکی دیکەدا ئاماژەی بەوەداوە کە کەمپی بوریج، لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بۆردومان کراوە و لە ئاکامدا، سێ فەڵەستینی کوژراون و شەش دیکەش برینداربوون.
ھەر لەوبارەیەوە شایەتحاڵەکان بە ئاژانسی ئانادۆڵویان ڕایگەیاند کە فەڵەستینییەک لە شەقامی ڕەشید لە شاری غەززە تەقەی لێکراوە و بەھۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
ھاوکات سەرچاوەیەکی دیكەی پزیشکی فەڵەستین بە ئاژانسی ئانادۆڵوی ڕایگەیاند کە لە ئاکامی بۆردومانکردنی شارۆچکەی عەبسان ڕۆژھەڵاتی شاری غەززە لەلایەن تۆپخانەکانی ئیسرائیلەوە، کچێکی فەڵەستینی کوژراوە و ئافرەتێکی دیکەش برینداربووە.
ھەروەھا سەرچاوەیەکی پزیشکی دیکەش بە ئاژانسی ئانادۆڵوی ڕایگەیاند کە خانوویەک لە ناوچەی میراج باکووری شاری ڕەفەح باشووری کەرتی غەززە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلەوە بۆردومان کراوە و لە ئاکامدا، ھەشت فەڵەستینی کوژراون.
ھەر لەوبارەیەوە سەرچاوەیەکی خۆجێی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی ڕایگەیاند کە لە ئاکامی بۆردومانکردنی خانوویەک لە ناوچەی خربەت عەدەس باکووری شاری ڕەفەح لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلەوە، چوار فەڵەستینی برینداربوون.
ھاوکات بە گوتەی شایەتحاڵەکان، خانوویەکی دیکە لە ناوچەی خربەت عەدەس لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلەوە بۆردومان کراوە و لە ئاکامدا، فەڵەستینییەک کوژراوە و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.
ھەروەھا سەرچاوەیەکی پزیشکی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی ڕایگەیاند کە لە ئاکامی زنجیرەیەک ھێرشی دیکەی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر ڕۆژھەڵاتی شاری خان یونس، ١٦ فەڵەستینی کوژراون.
ھەروەھا چەند سەرچاوەیەکی پزیشکی لە نەخۆشخانەی مەعمەدانی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسیان لەوە کرد کە لە ئاکامی بۆردومانکردنی خانوویەک لە گەڕەکی تفاح ڕۆژھەڵاتی شاری غەززە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە، یەک فەڵەستینی کوژراوە و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.
ھەر بە گوتەی سەرچاوەکان، گردبوونەوەیەکی ھاووڵاتییانی فەڵەستینی لە گەڕەکی شێخ ڕەزوان باکووری غەززە، لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بۆردومان کراوە و لە ئاکامدا، چوار فەڵەستینی کوژراون.
ھەر لەوبارەیەوە شایەتحاڵەکان بە ئاژانسی ئانادۆڵویان ڕایانگەیاند کە خانوویەک لە ناوچەی سەفتاوی باکووری شاری غەززە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بۆردومان کراوە و لە ئاکامدا، چوار فەڵەستینی کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.

ھەروەھا سەرچاوەیەکی پزیشکی دیکە بە ئاژانسی ئانادۆڵوی ڕایگەیاند کە خانوویەک لە شاری بەیت لاھیا باکووری کەرتی غەززە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلەوە بۆردومان کراوە و لە ئاکامدا، چوار فەڵەستینی کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.
ھاوکات شایەتحاڵەکان بە ئاژانسی ئانادۆڵویان ڕایگەیاند کە لە ئاکامی ھێرشێکی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەمپی جەبالیا باکووری کەرتی غەززە، ئافرەتێکی فەڵەستینی کوژراوە.
ھەر بە گوتەی شایەتحاڵەکان کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، ژمارەیەک ھاووڵاتی فەڵەستینییان لە نزیک قوتابخانەی ئەبو عوبەیدە ڕۆژئاوای کەمپی جەبالیا بۆردومان کردووە و بەھۆیەوە، پێنج فەڵەستینی کوژراون.
ھەروەھا سەرچاوەیەکی پزیشکی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی ڕایگەیاند کە لە ئاکامی ھێرشێکی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەی ئەبو قەمەر لە کەمپی جەبالیا، ١٣ فەڵەستینی کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.
ھاوکات گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی فەڵەستین لە غەززە، مەحمود بەسال لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە ئاکامی ھێرشێکی سوپای ئیسرائیل بۆ گردووبەوەیەکی ھاووڵاتییانی فەڵەستین لە کەمپی جەبالیا، ١٨ فەڵەستینی کوژراون و برینداربوون.