تاران - AA
هاووڵاتييانى ئێران بە هۆى گرانکردنى نرخى بەنزين بەردەوامن لە ناڕەزايەتى دەربڕين و ئەمڕۆ خۆپيشاندەران رێگاكانى هاتن و چوونیان بۆ تارانى پايتەخت داخست.
بەگوێرەى ئەو زانيارييانەى لە سەرچاوە خۆجێیەکانەوە وەرگيراون، بەهۆى گرانكردنى نرخى بەنزينەوە دوێنى خۆپيشاندان و ناڕەزايەتى هاووڵاتييان لە پارێزگاكانی تاران، فارس، ئازەربايجانى رۆژهەڵات، ئازەربايجانى رۆژئاوا، ئەسفەهان، مازەندەران، كوردستان، خوراسان رهزهویی و تەواوى وڵاتەكە بەردەوامە.
لە هەواڵێكى تەلەڤزيۆنى فەرمیى حكوومەتى ئێراندا هاتووە، لە شيراز خۆپيشاندەران دوو بەنزينخانە و دوو ئۆتۆمبێلى پۆليسيان سووتاندووە. جگە لەوەش شەقامە سەرەكييەكانيان داخستووە و زيانيان گەياندووە بە باڵەخانە حكوومييەكان، كامێراكانى چاودێریى، ئۆتۆمبێلەكانى ئاگركوژێنەوە و ئۆتۆمبێلەكانى ناوچەكە.
لەلايەكى ديكەوە خۆپيشاندەران سەرجەم رێگاكانى هاتن و چوونيان بۆ تارانى پايتەخت داخست و له ناوچەى تارانپارس لقى بانكێكيان سوتاند.
بەھۆی خۆپیشاندانەکانەوە ئینتەرنێت راگیرا
بەھۆی ئەو خۆپیشاندانانەی لە ئاکامی بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین لە ئێران بەردەوامن، ئینتەرنێت لە سەرجەم ھێڵە جێگیرەکان و ھێڵەکانی مۆبایل راگیراوە.
ئاژانسی ھەواڵی کرێکارانی ئێران ILNA بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئەمنییەکان رایگەیاند بەھۆی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران بڕیاری راگرتنی ئینتەرنێتی داوە.
لە کاتێکدا کاسبکارانی بازاڕی گەورەی تاران ئەمڕۆ قەپەنگی فرۆشگاکانیان نەکردووەتەوە، بەھۆی ئەگەری ئەنجامدانی خۆپیشاندان، رێوشوێنی ئەمنی توندوتۆڵ لە تارانی پایتەخت گیراوەتە بەر.
عەلی خامنەیی پاڵپشتی بڕیاری گرانکردنی نرخی بەنزین دەکات
رابەری باڵای ئێران، عەلی خامنەیی پاڵپشتی خۆی بۆ بڕیارەکەی حکوومەت سەبارەت بە گرانکردنی نرخی بەنزین دووپات کردەوە و راشیدەگەیەنێت ئەوانەی دژی بڕیارەکە خۆپیشاندان دەکەن و ناڕەزایەتیی دەردەبڕن، کەسانی ئاژاوەچین.
ئەم لێدوانەی عەلی خامنەیی لە گوتارێکدا ھات کە لە لایەن کەناڵی فەرمی ئێرانەوە پەخشکرا.
رابەری باڵای ئێران، عەلی خامنەیی ئەوەی وەبیرھێنایەوە کە لە خۆپیشاندانەکاندا ژمارەیەک کەس بوونەتە قوربانی و ئەمە وێرای ئەوەی ھەندێک لە دامەزراوە حکوومییەکان وێرانکراون، بێ ئەوەی وردەکاری زیاتر لەوبارەوە بخاتەڕوو.
عەلی خامنەیی خۆپیشاندەرانی بە کەسانی ئاژاوەچی وەسف کرد و گوتی: "ئەوانەی دژی بڕیاری حکوومەت بۆ گرانکردنی نرخی بەنزین خۆپیشاندان دەکەن و ناڕەزایەتیی دەردەبڕن، کەسانی چەتە و ئاژاوەچین و، ھەروەھا لە لایەن دوژمنانی شوڕشی ئێرانەوە ھاندراون بۆ ئەوەی توندوتیژی ئەنجام بدەن".
رابەری باڵای ئێران، عەلی خامنەیی جەختیکردەوە لەسەر ئەوەی کە پاڵپشتی لە بڕیارەکەی سەرکۆماری وڵاتەکەی، حەسەن رووحانی دەکات سەبارەت بە گرانکردنی نرخی بەنزین و گوتیشی: "لەئێستادا نرخی بەنزین لە ئێران لە ئاست جیھاندا، زۆر ھەرزانترە".
لە دوو رۆژی رابردوو بەھۆی بڕیاری حکوومەتی ئێران بۆ گرانکردنی نرخی بەنزین، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین لە پارێزگاکانی تاران، فارس، ئازەربایجانی رۆژھەڵات، ئازەربایجانی رۆژئاوا، ئەسفەھان، مازەندەران، کوردستان، خوراسان رەزەویی و تەواوی وڵاتەکە ئەنجامدراو کە تا ئێستا بەردەوامی ھەیە، بەڵام ئەوەى جێگەى سەرنجە ماوە ماوە دروشمى دژ بە رژێم بەرز دەکەنەوە و لەگەڵ هێزە ئەمنييەكاندا گرژیى و ئاڵۆزیى دهكهوێته نێوانیانهوه.
لە میانی خۆپیشاندانەکانی ئێران گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەکاندا روویداوە کە بەھۆیەوە ژمارەیەک خۆپیشاندەر کوژراون و برینداربوون.
news_share_descriptionsubscription_contact


