Bayram Altuğ
07 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 08 کانوونی دووەم 2022
جنێڤ - AA
رێکخراوی تەندروستیی جیھانی (WHO)، رایگەیاند، ئۆمیکرۆن دوا جۆری ڤایرۆسی کۆرۆنا نابێت و ڤایرۆسەکە بەردەوامە لە "گەشەسەندن".
بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیھانی، تیدرۆس ئادھانۆم گیبریسیۆس، لە میانی یەکەم کۆنگرەی رۆژنامەوانیی ساڵ لەگەڵ شارەزایانی تەندروستیی جیھانی لەناوەندی رێکخراوەکە لە جنێڤ، ئاماژەی بەوە کرد، لە سەرەتای سەرھەڵدانی پەتاکەوە تا ئێستا، ھەفتەی رابردوو بەرزترین ژمارەی حاڵەتی تووشبوون بە کۆرۆنا تۆمار کراوە.
تیدرۆس ئادھانۆم گیبریسیۆس ئەوەی خستەڕوو کە جۆری ئۆمیکرۆن، بەراورد بە جۆری دەلتا بەتایبەتی بە سووکی تووشی ئەو کەسانە دەبێت کە ڤاکسینیان وەرگرتووە و سەرەڕای ئەمەش، ناتوانرێت وەکو جۆرێکی "سووک" پۆلێن بکرێت و گوتی: "ھەروەکو جۆرەکانی پێشوو، ئۆمیکرۆن مرۆڤەکان نەخۆش دهخات و دەیانکوژێت. ئۆمیکرۆن کاریگەریی تسونامی درووستدەکات، زۆر بە خێرایی بڵاودەبێتەوە و فشارێکی گەورە بۆ سەر سیستمی تەندروستیی جیھان درووست دەکات".
گیبریسیۆس باسی لەوە کرد بەھۆی جۆری ئۆمیکرۆنەوە قەرەباڵغییەکی زۆر لە نەخۆشخانەکان درووستبووە، ئاماژەی بەوەش کرد بەھۆكاری کەمیی کارمەند و سەرقاڵییەوە، مردن لە نێوان نەخۆشەکانی دیکە و بریندارەکاندا روویداوە کە دەتوانرا "رێگریی لێبکرێت".